لە کەرەج و مەهاباد چوار بەندکراو لە سێدارە دران
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/executions-ku/2024/12/18/p38907
سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی کورد بە ناوەکانی سوهراب ئەحمەدپوور، مەجید جەمشیدی، ڕەحیم بەرین و جەمال نەبووره کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج و مەهاباد جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٧ی دیسامبەری ٢٠٢٤) سوهراب ئەحمەدپوور و مەجید جەمشیدی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز (١٨ی دیسامبەر) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دران.
سوهراب ئەحمەدپوور، ٧٠ ساڵان و خەڵکی کووهدەشت و مەجید جەمشیدی، خەڵکی نوورئابادی لوڕستان، چەند ساڵێک لەمەپێش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.
هاوکات سزای لەسێدارەدانی ڕەحیم بەرین و جەمال نەبوورەیش لە زیندانی مەهاباد جێبەجێ کرا. ڕەحیم بەرین، خەڵکی مەهاباد، ساڵی ١٣٨٤ (٢٠١٥) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو. ئەو زیندانییەکەی دیکەی خەڵکی مەهابادیش، جەمال نەبوورە، نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.
بابەتی پەیوەندیدار
-
گواستنەوەی لانیکەم دوو بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی کەرەج بە مەبەستی لەسێدارەدان
-
مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێی بەندکراوی مەزهەبیی کورد سامان محەممەدیی خەیارە دوای گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی کەرەج
-
لە مەهاباد دوو بەندکراو لە سێدارە دران
-
لە هەمەدان و کەرەج دوو بەندکراو لە سێدارە دران
-
لە کەرەج لانیکەم سێ بەندکراو لە سێدارە دران
-
موجتەبا قاسمی، بەندکراوی خەڵکی هەرسین، لە کەرەج لە سێدارە درا