سزای لەسێدارەدانی مەیسەم فەرهادیی فەڕاشی و ڕەزا بەختیاری، دوو بەندکراوی خەڵکی هەرسین و کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا لە سێدارە دراون.

مەیسەم فەرهادیی فەڕاشی، ٢٩ ساڵان، خەڵکی گوندی «فەڕاش»ی شاری هەرسین و ڕەزا بەختیاری، خەڵکی کرماشان، چەند ساڵێک لەمەوپێش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو.