بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) سزای لەسێدارەدانی عەلی ئاتین و ڕەزا سەیدی، دوو بەندکراوی خەڵکی سەردەشت کە پێشتر بە تۆمەتی «دەستدرێژیکردن بە زۆر» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی مەهاباد جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی مەهاباد کرابوون و بەرەبەیانی دووشەممە هەردووکیان لە سێدارە دراون.
ڕەزا سەیدی، ٤٨ ساڵان و خەڵکی سەردەشت و عەلی ئاتین، ٢٨ ساڵان و خەڵکی ڕەبەتی سەردەشت، لە خەرمانانی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە تۆمەتی بەشداریکردن لە دۆسیەیەکدا لەژێر ناوی «دەستدرێژیکردنی بەکۆمەڵ بۆ سەر ژمارەیەک ژن» لە شاری سەردەشتدا دەستبەسەر کران.
لە ڕەزبەری ١٤٠٠دا (سێپتامبەری ٢٠٢١) دوابەدوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم دۆسیەیە، کۆمەڵێک لە ژنان و هاووڵاتیانی سەردەشت گرد بوونەوە و داوای سزادانی «دەستدرێژیکاران»یان کرد.
دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانە لە سەردەشتدا، فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی ئەم شارە ڕایگەیاند کە سێ تۆمەتباری پێوەندیدار بەم دۆسیەیەوە دەستبەسەر کراون.

