بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) سزای لەسێدارەدانی فەرمان ئەفریستەم، بەندکراوی خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای ئەم شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، فەرمان ئەفریستەم، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «میلکە شێرخان»ی ناوچەی «کووزەران»ی کرماشان، نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی دیکەی بە ناوەکانی ئەشکان کازمی، محەممەد شەهیدی و مزەفەر شاسواری لە هەمان ڕۆژ و هەمان زینداندا بڵاو کردبووەوە.