سزای لەسێدارەدانی سەیوان یەعقووبی، هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراوە.
سەیوان یەعقووبی، ٣٦ ساڵان و خەڵکی گوندی «بێساران»ی سەوڵاوا، نزیکەی سێ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.