سزای لەسێدارەدانی فەرهاد فەردینی، فەرزاد میرزایی و سەمەد هاشمی، سێ بەندکراوی خەڵکی هەرسینی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان (٢٦ی ژانڤییە) هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دراون.
فەرهاد فەردینی، ٣٥ ساڵان، فەرزاد میرزایی، ٤٥ ساڵان و سەمەد هاشمی، ٤٥ ساڵان، هەرسێکیان خەڵکی شاری هەرسینی کرماشان، لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٦ (نۆڤامبەری ٢٠١٧) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.


