سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراو بە ناوەکانی موژگان ئازەرپیشه، کەوسەر باقرنژاد، حامید فەرەجی و ئەرشەد فەرزادبەند کە پێشتر لە کۆمەڵێ دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چوار بەندکراوە ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٥ی مارسی ٢٠٢٥) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەمە (١٦ی مارس) لە سێدارە دران.
موژگان ئازەرپیشه، خەڵکی ورمێ ساڵی ١٣٩٨، کەوسەر باقرنژاد، خەڵکی نەغەدە ساڵی ١٤٠٠، ئەرشەد فەرزادبەند، ٢٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «ناری»ی ناوچەی مێرگەوەڕی ورمێ، نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش و حامید فەرەجی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی ورمێ، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش لە کۆمەڵێ دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو.
