سزای لەسێدارەدانی یادگار ڕەحیمنژاد، بەندکراوی خەڵکی بانە کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کرمان جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٥ی ئاوریلی ٢٠٢٥)  لەگەڵ بەندکراوێکی بەلووچدا بە ناوی ئەبووبەکر شەهبەخش لە زیندانی ناوەندیی کرمان لە سێدارە درا.

دەوترێت  یادگار ڕەحیمنژاد نزیکەی دوو ساڵ لەمەوپێش لە پێناو ٤٠ میلیۆن تمەن پارەدا کەسێکی سواری ئۆتۆمبێلەکەی کردبوو کە لە ڕێگای تاراندا و دوای ئەوەی بازگەیەکی پشکنین دەبینێ، لە ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزێت و هەڵدێت. پاش ئەم ڕووداوە یادگار ڕەحیمنژاد بە تۆمەتی «گواستنەوەی مادەی هۆشبەر» دەستبەسەر کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چوو.

ئەمەش لە کاتێکدا کە ساڵێک دواتر کەسە هەڵاتووەکە دەستبەسەر کرا، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش سزای لەسێدارەدانی یادگار ڕەحیمنژاد زۆر خێرا و بەبێ جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی دادوەریی دادپەروەرانە و دوای پەسەندکرانی سزاکە لە دیوانی باڵای ئێراندا، جێبەجێ کرا.