چەند خولەکێک لەمەوپێش بەرپرسانی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی ورمێ بنەماڵەی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوویان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە شێوەی نهێنی لە تاراندا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢١ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە بانگهێشت کراون بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ و بێهزاد سەرخانلوو، جێگری داواکاری گشتی، پێی ڕاگەیاندوون کە حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە زیندانی ورمێوە گوازرابوویەوە بۆ تاران و لەوێ لە سێدارە دراوە.

هەروەها بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە بۆیان نییە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە بەرن.

ئەگەرچی دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ڕاگیرانی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە وترابوو کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە ورمێ نەماوە و گوازراوەتەوە، بەڵام تا ئێستایش هیچ بەڵگەیەک لەسەر گواستنەوەی بۆ تاران بەردەست نەکەوتووە. خودی ئەم زیندانییە سیاسییەیش ڕۆژی هەینی لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی ڕاگرتنی خۆی و پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ڕاگیرانی کاتیی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە، داوای لێ کردبوون بەردەوام بەدواداچوون بۆ بارودۆخی بکەن و هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی سزاکە درێژە پێ بدەن.

هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو ئەمڕۆ لە کاتێکدا ڕاگەیەنرا کە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. هاوکات لە ڕاگەیاندننامەیەکی فەرمیدا پارێزەرەکەی ئاگادار کرایەوە کە پارێزوانەکەی ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە سێدارە دەدرێت.

وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر ئەم هەواڵەدا، بنەماڵە و خزمانی حەمید حسەیننژاد لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێدا گرد بوونەوە و داوای ڕاگیرانی دەسبەجێی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەیان کرد. ئەگەرچی سەرۆکی زیندانی ورمێ لە هەمان ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەدا (١٨ی ئاوریل) پێی ڕاگەیاندن کە بە فەرمانی داواکاری گشتیی ورمێ پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە، بەڵام مانگرتنی بنەماڵە و خزمەکانی لە بەردەم زیندانەکەدا تا ئەمڕۆیش درێژەی هەبوو و نیگەرانییەکان لە ئاست جێبەجێکردنی لەناکاوی سزاکەدا هەر نەڕەوابوویەوە.