شەوی ڕابردوو ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لە شوێنێکی نادیاردا جێبەجێ کراوە. هاوکات بەرپرسانی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی ورمێ بنەماڵەکەیان بانگهێشت کرد و پێیان ڕاگەیاندن کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە شێوەی نهێنی لە تاران لە سێدارە دراوە. هاوکات بێهزاد سارخانلوو، جێگری داواکاری گشتیی ورمێ، وتوویەتی کە نەک تەنها تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییەتان پێ نادەینەوە بەڵکوو بۆتان نییە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی سەرەخۆشی بە شێوەی گشتی بەڕێوە بەرن.

بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لێکۆڵینەوەی بۆ هەواڵەکە کردووە و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە بە پێچەوانەی وتەکەی جێگری داواکاری گشتی، سزای لەسێدارەدانی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەر لە ورمێ جێبەجێ کراوە و تەرمەکەی گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەر لەوێیش ئەسپەردە کراوە.

بنەماڵەی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو کە بۆ پێنجەم شەو لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێدا گرد ببوونەوە و مانیان گرتبوو، دوای ئاگاداربوونەوە لە جێبەجێکرانی سزاکە گەڕاونەتەوە بۆ شاری چاڵدێران و ئێستە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٥) ئیدارەی ئیتلاعاتی چاڵدێران ڕێگەی بە مامۆستایەکی ئایینیی سوننە نەداوە بەشداری لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییەکەدا بکات و ئەندامێکی بنەماڵەی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوویشیان بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەندامەکانی تری بنەماڵەکەیان لێ کردووە. هەروەها پێیان وتووە کە ئەو ئەندامانەی بنەماڵە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە وتووێژیان کردووە، لەوانە ڕوناهی حسەیننژاد حەیدەرانلووی کچی ئەم زیندانییە سیاسییە، هەرهەموویان دەبێ سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدا بە شێوەی نهێنی لە سێدارە درا کە لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوای گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی، داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە و هەروەها داوای لێخۆشبوونی لە دیوانی باڵا و کۆمیسیۆنی لێخۆشبوونی دەزگای دادوەریدا تۆمار کرابوو، بەڵام بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات سزاکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەم زیندانییە سیاسییە لە سێدارە درا.

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. هاوکات لە ڕاگەیاندننامەیەکی فەرمیدا پارێزەرەکەی ئاگادار کرایەوە کە پارێزوانەکەی ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە سێدارە دەدرێت. بەڵام دوابەدوای گردبوونەوە و مانگرتنی بنەماڵەکەی و پەرچەکرداری نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەم هەواڵەدا، حەمید حسەیننژاد ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە زیندووە و داوای لێ کردن درێژە بە هەوڵ و بەدواداچوونەکانیان بدەن.

پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانی ورمێ هەمان ڕۆژ بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە بە فەرمانی داواکاری گشتیی ورمێ پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە و پیاچوونەوە بە دۆسیەکەدا دەکرێت. بەڵام مانگرتنی بنەماڵە و خزمەکانی لە بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامی و زیندانی ورمێدا درێژەی هەبوو و داوای ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی  ئەو زیندانییە سیاسییەیان دەکرد، بەڵام داواکاری گشتی و سەرۆکی زیندان پێیان وتبوون کە حەمید حسەیننژاد لە لای دامودەزگا ئەمنییەکاندایە.