ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی شاری چاڵدێران دوای تێپەڕینی چەند حەفتەیەک بەسەر لەسێدارەدانی شاراوە و نهێنیی زیندانیی سیاسیی کورد حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، فەوتنامەی بۆ نووسیوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گوڵانی ١٤٠٤ (٥ی مەیی ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی بنەماڵەکەی بۆ ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی چاڵدێران، فەوتنامەی ئەم زیندانییە سیاسییە دەر کراوە و بە شێوەی فەرمی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، بەرواری لەسێدارەدانی حەمید حسەیننژاد ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٥) لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تۆمار کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی فەرمانگەی داد (دادگوستەری) لە ڕێکەوتی ١ی گوڵاندا (٢١ی ئاوریل) بە شێوەی زارەکی بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە حەمید گوازرابوویەوە بۆ تاران و لە زیندانێکی ئەم شارەدا لە سێدارە دراوە.

پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم زیندانییە سیاسییە بە شێوەی نهێنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراوە و تەرمەکەیشی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شوێنێکی نادیاردا ئەسپەردە کراوە.

حەفتەی ڕابردوویش ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی حەمید حسەیننژاد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بانگهێشت کرابوون. لەوێ لێپرسەوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە تەرمەکەی لە شوێنێکدا کە بۆ بنەماڵە ئاشکرا ناکرێت ئەسپەردە کراوە و ئەوان بۆیان نییە بەدواداچوونی زیاتر بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە یاخود زانینی شوێنی ئەسپەردەکردنی بکەن.

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. هاوکات لە ڕاگەیاندننامەیەکی فەرمیدا پارێزەرەکەی ئاگادار کرایەوە کە پارێزوانەکەی ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە سێدارە دەدرێت. بەڵام دوابەدوای گردبوونەوە و مانگرتنی بنەماڵەکەی و پەرچەکرداری نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەم هەواڵەدا، حەمید حسەیننژاد ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە زیندووە و داوای لێ کردن درێژە بە هەوڵ و بەدواداچوونەکانیان بدەن. بەڵام بنەماڵەکەی لە ڕاستبوونی پێوەندییەکە دووشک بوون و پێیان وا بوو پێ دەچێ فێڵێکی ئەمنی بێت.

ئێستە و بەپێی فەوتنامەکە، ئەم زیندانییە سیاسییە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوە (١٩ی ئاوریل) بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی ئەمنی و دادوەری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراوە.

پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانی ورمێ هەمان ڕۆژ پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردبوو و وتبووی بە فەرمانی داواکاری گشتیی ورمێ پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە و پیاچوونەوە بە دۆسیەکەدا دەکرێت.

دەستبەسەرکردن و پرۆسەی دۆسیەکە

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە سنووری چاڵدێران دەستبەسەر کرا و سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی هێزی سنوورپارێز لە شاری چاڵدێران. ئەگەرچی بڕیاری دەستبەسەربوونی لە هەمان ڕۆژدا گۆڕدرا بۆ بڕیاری بارمتە، بەڵام لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بارمتەکەی لێ قبووڵ نەکرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشتر بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو کە ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردنی لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ ئەندامی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، خرایە بەر ئەشکەنجەی  قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەمید لە ماوەی دەستبەسەربووندا تەنها دوو جار مۆڵەتی پێ درا پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو. هەروەها بۆ ماوەی ٨ مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکان و کەسێکی ترەوە بە ناوی «ئەستیری» کە لێپرسەوەی دۆسیەکە بوو، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە. دواجار و لەژێر ئەو ئەشکەنجە قورسانەدا بە ناچار ددانی بە تاوانباربوونی خۆیدا نا و بە زۆر ناچار کرا واژۆ لەسەر کۆمەڵەکاغەزێک دابنێت کە پێشتر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئامادە کرابوون. ئەمەش لە کاتێکدا کە بە هۆی نەبوونی خوێنەوارییەوە نەیتوانیبوو لە ناوەرۆکی نووسراوەی ناو کاغەزەکان تێ بگات.

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە کاتێکدا کە بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، لە هەرهەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و هەروەها لە کۆبوونەوەی دادگادا، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە دانپیانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. هەروەها بە بەڵگەی متمانەپێکراوەوە بە دادگای ڕاگەیاندبوو کە لە ڕۆژی تێکهەڵچوونەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سەفەری تورکیا بووە. بەڵام لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگەکان و تەنها لە دانیشتنێکی چەندخولەکیدا، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ‌ک‌ک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

دەوترێت وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسیەسازیی دژ بەم زیندانییە سیاسییەدا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی جێمتمانە بخاتە بەردەست، ڕایگەیاندبوو کە برای هاوسەری ئەم هاووڵاتییە بە ناوی موستەفا نووری کە کاسبکارێکی سەرسنوور بووە، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە کاتی کاسبکاریدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە و هەر بۆیە حەمید ڕقی لەو هێزانە هەڵگرتووە و ئەمەش وای کردووە لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا، هاوکاریی هێزەکانی ئەم حیزبە بکات.

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ١٣٦٤ (١٩٨٥)، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «سگریک»ی چاڵدێران، لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەریکی کاسبکاری و فرۆشتنی سووتەمەنی لە سەرسنووردا بوو.