سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی موشیر عوسمانزادە، ڕەزا میری و سەجاد مورادی کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانەکانی ناوەندیی ورمێ و قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، موشیر عوسمانزادە کە نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو و ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٢ی مەیی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٤ی مەیی ٢٠٢٥) هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دراوە.

هەمان ڕۆژ ڕەزا ئەمیری، خەڵکی هەرسینی کرماشان و سەجاد مورادی، خەڵکی نوورئابادی لوڕستان، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.