سزای لەسێدارەدانی گۆران قادری، بەندکراوی خەڵکی مەریوان کە پێشتر لە دۆسیەی کوژرانی شلێر ڕەسوولیدا بۆی دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٩ی مەیی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراوە.
گۆران قادری، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، لە خەرمانانی ١٤٠١دا (سێپتامبەری ٢٠٢٢) بە هۆی دۆسیەی کوژرانی شلێر ڕەسوولییەوە دەستبەسەر کرا و دواتر سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چوو.
ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) گۆران قادری داوای لە شلێر ڕەسوولیی دراوسێی کرد بۆ یارمەتیدانی هاوسەرە نەخۆشەکەی بە هانایانەوە بچێت و سەردانی ماڵیان بکات، بەڵام شلێر کاتێک دەچێتە ناو ماڵەکە تێ دەگات هاوسەری گۆران لە ماڵەوە نییە و بەتەمایە دەستدرێژی بکاتە سەری. هەر بۆیە لە پەنجەرەی ماڵەکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو.
ئەم ژنە ٣٦ ساڵەیەی خەڵکی مەریوان دوای ٦ ڕۆژ لە ناوەندێکی پزیشکیی شاری سنەدا گیانی بەخت کرد و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنەکەی بە ئامادەبوونی بەربڵاوی چالاکانی ژن و خەڵکی مەریوان بەڕێوە چوو.