دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٥) ڕایگەیاند کە ٩ بەندکراوی تۆمەتبار بە «ئەندامبوون لە داعشدا» لە سێدارە دراون.

هەواڵنێریی «میزان» کە سەر بە دەزگای دادوەرییە، لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ناسنامە و شوێنی لەسێدارەدانی ئەم کەسانە نەکردووە و تەنها ڕایگەیاندووە کە ئەو بەندکراوانە لە ڕێبەندانی ١٣٩٦دا (٢٠١٨) لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداراندا لە ناوچەی سنووریی «بەمۆ»ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانیی کرماشان دەستبەسەر کرابوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: «ئەم ٩ بەندکراوە کە زۆربەیان هاووڵاتیی کوردی سوننەن، ڕۆژی ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٢ی مەیی ٢٠٢٥) دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندان بۆ سەر بەندی زیندانییە مەزهەبییەکانی زیندانی قزلحەساری کەرەج و بە توندوتیژی و لێدانێکی زۆرەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەگەرچی هیچ زانیارییەک لەسەر کاتی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە بەردەستدا نییە، بەڵام دەوترێت کە هەر نۆ کەسەکەیان بە شێوەی بەکۆمەڵ لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراون.

ئەم سەرچاوەیە باس لە ڕاگرتنی دەیان هاووڵاتیی سوننەی تۆمەتبار بە «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» لە بەندێکی تایبەتی زیندانەکەدا دەکات و لە درێژەدا زیادی کرد: «زۆربەی ئەم کەسانە هاووڵاتیی کوردی سوننەن و هەندێ هاووڵاتیی وڵاتانی دیکەیشیان تێدایە».

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦دا (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠١٨) محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ڕایگەیاندبوو کە لە بەرزاییە سنوورییەکانی «بەمۆ»ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان، تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزەکانی قەرارگای نەجەفی ئەشرەف و گرووپێکی سەلەفیدا ڕووی داوە.

ئەم فەرماندەیە لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێراندا وتبووی کە ٣ ئەندامی سوپای پاسداران و ٥ ئەندامی ئەو گرووپە کوژراون و ١٦ کەسیش دەستبەسەر کراون. هاوکاتیش ڕایگەیاندبوو کە زۆربەی دەستبەسەرکراوان «هاووڵاتیی بیانی»ن.