سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی کەریم هیممەتی و حەمزە یاری کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» ئەو سزایەیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٧ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردان (٩ی ژوەن) لە سێدارە دراون.
کەریم هیممەتی، خەڵکی هەرسینی کرماشان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش و حەمزە یاری، خەڵکی نوورئابادی لوڕستان، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.

