سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی خەڵکی شارەکانی کرماشان و هەرسین بە ناوەکانی مەسعوود ناسری، ئەردەشیر سوڵتانئابادی و سەجاد مورادی کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» ئەو سزایەیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوانە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٩ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) لە سێدارە دراون.
سەجاد مورادیی موتڵەق، خەڵکی هەرسین و دانیشتووی کرماشان و باوکی منداڵێک، مەسعوود ناسری، خەڵکی کرماشان و ئەردەشیر سوڵتانئابادی، خەڵکی هەرسین، پێشتر لە چەند دۆسیەیەکی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.
