ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و ڕەسوول ئەحمەد ڕەسوول، هاووڵاتیی خەڵکی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر بە تۆمەتی «موحارەبە» و «افساد فیالارض» لە ڕێگای هاوکاریکردن و سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە شێوەی نهێنی و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.
لەسێدارەدانی بەپەلەی ئەم سێ بەندکراوە لە کاتێکدا بوو کە تا ئێستایش پەسەندکردنی سزاکەیان لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە بە پارێزەرەکانیان ڕانەگەیەنراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٥) ئەم بەندکراوانە بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوون و لە یەکەم ساتەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان و ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا، بە شێوەی نهێنی لە سێدارە دراون. بنەماڵەکانیان دوای ئاگاداربوونەوە لە جێبەجێکردنی سزاکە سەردانی زیندانی ناوەندیی ورمێیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان تا ئێستا ئامادە نەبوون تەرمەکانیان ڕادەست بەکەنەوە.
هەواڵنێریی «میزان»ی سەر بە دەزگای دادوەری سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوەدا، نووسیویەتی: «ئیدریس ئالی کوڕی ساڵح، ئازاد شوجاعی کوڕی عەبدوڕەحمان و ڕەسوول ئەحمەد ڕەسوول، کوڕی ئەحمەد، کە هەندێ کەرەستەیان بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان هاوردەی ناو ئێران کردبوو، بە تۆمەتی موحارەبە و افساد فیالارض لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ دەوڵەتە دژبەرە بیانییەکاندا و لە بەرژەوەندیی ڕژێمی زایۆنیدا، دەستبەسەر و دادگایی کران. سزای ئەم سیخوڕانە دوای ئەنجامدانی کۆی پرۆسەکانی ناو یاسای شێوازی دادگاییکردنی کەیفەری و پەسەندکردنی بڕیارەکە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ جێبەجێ کرا و ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی و ڕەسوول ئەحمەد ڕەسوول بە سزای تاونەکانیان گەیشتن و لە سێدارە دران».
بە هەموو ئەمانەیشەوە و بە پێچەوانەی بانگەشەی دەزگای دادوەری، ئەم سێ بەندکراوە کە پێشتر لە ناوچە سنوورییەکان سەرقاڵی کۆڵبەری و کاسبکاری بوون، لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دادگاییکردندا هەرجۆرە پێوەندی و هاوکارییەکیان لەگەڵ ئیسراییلدا ڕەت کردبووەوە. تەنانەت لە ئەنجامگیرییەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتیشدا وتراوە کە ئەم کەسانە بارێکیان بۆ ناو ئێران گواستووەتەوە کە نەیانزانیوە چ شتێکی تێدایە و وا پێ دەچێت ئەو کەرەستانەی کە بۆ تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە بە کار هێنرابوون، لە ناو هەمان ئەو بارەی ئەواندا بووبێت. شایانی باسە ئەو کەسانەیش کە بارەکەیان لە سەردەشتەوە گواستبووەوە بۆ تاران دەستبەسەر کران و دوای ماوەیەک ئەستۆپاکییان لە تۆمەتەکان سەلمێنرا و ئازاد کران.
ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، خەڵکی گوندی «دۆڵەگەرمە»ی سەردەشت و ڕەسوول ئەحمەد ڕەسوول، خەڵکی قەڵادزێی هەرێمی کوردستان، پووشپەڕی ١٤٠٢ (جولایی ٢٠٢٣) لە مەودای نێوان چەند ڕۆژێکدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ. ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیران و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کرابووەوە، لەوانە «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و «گواستنەوەی کەرەستەکانی کوشتنی موحسین فەخریزادە»، خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. ئەوان سەرەتا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەت کردەوە، بەڵام دواتر لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار بوون ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن. ئەم بەندکراوانە دوای زیاتر لە ٣ مانگ بۆ یەکەم جار مۆڵەتیان پێ درا بە تەلەفۆن پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.
ئەم هاووڵاتیانە دوای زیاتر لە ٨ مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر قوربان شاهینی و ڕاوێژکاریی دادوەر ئیسماعیل بەزرکاری بەڕێوە چوو و لە سەرەتای گەڵاڕێزاندا (کۆتایی ئۆکتۆبەر) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەیشدا بە تۆمەتی «قاچاخی خواردنەوە ئەلکولییەکان» سزای سێ ساڵ و حەوت مانگ بەندکران و پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپابوو.
ئەم بەندکراوانە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرادا لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کرابوون و تەنها دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامی مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەریان پێ درا.
ئەسغەر جیهانگیری، وتەبێژی دەزگای دادوەری، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە دانیشتنی حەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو: «لە دۆسیەی تیرۆرکردنی شەهید فەخریزادەدا تا ئێستا ٣ سیخوڕی ئیسراییل لە دادگای یەکەمدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. لەم دۆسیەیەدا ٨ کەس لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کران کە سیان لە ئەندامانی باندەکە لەژێر ناوی قاچاخکردنی خواردنەوەی ئەلکولیدا کەرەستەکانی تیرۆرکردنی شەهید فەخریزادەیان هێناوەتە ناو وڵاتەوە، ئەم ٣ کەسە لە دادگای یەکەمدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و حوکمەکەیان لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە».
دوای تانەدانی پارێزەرەکان لە بڕیارەکەی دادگا، دۆسیەکەیان نێردرایە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران، بەڵام پێش ئەوەی بە شێوەی فەرمی پەسەندکرانی سزاکە بە پارێزەرەکان ڕابگەیەنرێت، هەرسێ پارێزوانەکەیان لە سێدارە دران. ئەوان پاش لەسێدارەدانی پارێزوانەکانیان و لە ڕێگەی سیستەمی ئەلێکترۆنیکی سەناوە (سامانه ثنا) تێ گەیشتن کە بڕیارەکەی دادگای یەکەم لە ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا (٢١ی ژوەنی ٢٠٢٥) پەسەند کرابوو.