سزای لەسێدارەدانی ئیلیا خەلیفەزادە، بەندکراوی ٢٠ ساڵانی خەڵکی سەقز کە ساڵی ڕابردوو لەسەر دۆسیەی «دەستدرێژی» و «کوشتن»ی منداڵێکی ٦ ساڵان بە ناوی نیان جوبرەییلپوور (چەلەبیان) بۆی دەر چووبوو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٢ی جولایی ٢٠٢٥) لە بەرچاوی خەڵک و لە بەردەم بینای زیندانی بۆکاندا جێبەجێ کرا.

ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکان و بەرپرسانی دەزگای دادوەری ڕایانگەیاندووە کە جێبەجێکردنی ئەم سزایە وەڵامێک بووە بە «داواکاریی جەماوەر» و «برینداربوونی هەستی خەڵک».

ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی وتووە: «دوای لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە، تۆمەتباری پلەی یەکەم بە هۆی کردارە تاوانکارەکانیەوە لە لایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی لە بەرچاوی خەڵکدا بۆ دەر چوو. بڕیارەکەی دادگا دوای تانەلێدان و داوای تێهەڵچوونەوە لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کرا و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) لەسەر داوای خاوەن خوێنەکان [بنەماڵەی کوژراوەکە] و بە هۆی برینداربوونی هەست و سۆزی گشتییەوە لە بەرچاوی خەڵکدا جێبەجێ کرا».

نیان چەلەبیان، منداڵی ٦ ساڵانی خەڵکی بۆکان، بەفرانباری ١٤٠٣ (ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە کاتێکدا کە ئاسەواری سووتان و ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بوو، برایە نەخۆشخانەی ئەم شارە و لەوێ گیانی لە دەست دا. بەپێی بۆچوونی پزیشکەکان، نیان بە هۆی «دەستدرێژی» و «ئەشکەنجە»وە گیانی لە دەست دابوو و چەند کەسێکیش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کران.