سزای لەسێدارەدانی فەرامەرز شەهبازی، بەندکراوی خەڵکی هەرسینی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە بۆی دەر چووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی کورد لە بەرواری ٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە زیندانی قزلحەساری کەرەجدا بۆ دوو کەس زیادی کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ لانیکەم چوار بەندکراوی دیکەدا بە ناوەکانی حسەین بیابانی، حسەینعەلی یووسفی، سلێمان کۆشکی و ئەحمەدعەلی مێهریپوور، خەڵکی شارەکانی هەرسینی کرماشان و نوورئاباد و کووهدەشتی لوڕستان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە گوازرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) حسەین بیابانی و فەرامەرز شەهبازی هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دراون و سزای ئەو سێ بەندکراوەکەی تر بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە.
فەرامەرز شەهبازی و حسەین بیابانی کە هەردووکیان خەڵکی هەرسینی کرماشان بوون، نزیکەی ٦ و ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.
ڕاستکردنەوەی هەواڵ
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ماشەڵڵا نیکووفاڵیش هەر لەم ڕۆژەدا لە سێدارە دراوە، بەڵام پاش بەدواداچوونی زیاتر و پێوەندیکردن بە بنەماڵەکەیەوە بۆمان دەر کەوت کە ئەم هاووڵاتییە لەو کاتەدا زیندانی نەبووە و بە هۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.