سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی خەڵکی شارەکانی ورمێ، سەڵماس و بانە بە ناوەکانی هووشەنگ هەنارە، کەیوان مامەدی، نەجیب ئازەرم، بابەک عومەرزادە، تۆفیق نیعمەتی و ئازاد مورادی کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» بۆیان دەر چووبوو، لە زیندانە ناوەندییەکانی تەورێز و سنە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوانیوەڕۆی شەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هووشەنگ هەنارە، کەیوان مامەدی، نەجیب ئازەرم، بابەک عومەرزادە و تۆفیق نیعمەتی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی تەورێز کران و بەرەبەیانی یەکشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و بەبێ ئەنجامدانی دوادیدار، لە سێدارە دران. ئازاد مورادییش هەمان ڕۆژ لە زیندانی سنە لە سێدارە درا.
هووشەنگ هەنارە، خەڵکی گوندی «خەلیان»، تۆفیق نیعمەتی، خەڵکی گوندی «بەردیزی» و بابەک عومەرزادە، خەڵکی گوندی «گونبەد»ی ورمێ، نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوپێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.
کەیوان مامەدی، ٣٩ ساڵان و خەڵکی گوندی «دێرک»ی سەڵماس، ڕۆژی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٩ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگایەکەوە لە شاری هەشتڕووددا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو. ئەم بەندکراوە دوای دوو ساڵ لە زیندانی هەشتڕوودەوە گوزرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز.
نەجیب ئازەرمیش کە خەڵکی ورمێ بوو، نزیکەی چوار ساڵ و نیو لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو.
هەروەها ئازاد مورادی، خەڵکی بانە، نزیکەی چوار ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.



