سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراو بە ناوەکانی فەرشاد گەراوەند، ئەحمەدڕەزا گەراوەند، کازم جامەشۆرانی و هادی نەورۆزی کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» بۆیان دەر چووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج و ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) فەرشاد گەراوەند و ئەحمەدڕەزا گەراوەند، بەندکراوانی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان کە نزیکەی ٨ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون.

بنەماڵەکانیان دوای ئاگادربوونەوە لە گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە بەردەم زیندانەکە گرد بوونەوە، بەڵام دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە سێدارە دران.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) دوو بەندکراو بە ناوەکانی هادی نەورۆزی و کازم جامەشۆرانی لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) لە سێدارە دران. کازم جامەشۆرانیی ٢٧ ساڵان و هادی نەورۆزیی ٢٨ ساڵان بە ڕیز ١٧ مانگ و ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و دواتر سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەر چووبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەمان ڕۆژ بەندکراوێکی تر بە ناوی سەعید قوبادی هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراوە.