سزای لەسێدارەدانی مەحموود قەیتەرانی، بەندکراوی خەڵکی مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» بۆی دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانیی ناوەندیی سنە کرابوو و سەرباری هەوڵ و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی و خێرخوازانی شاری مەریوان بۆ وەرگرتنی ڕەزایەتی خاوەن خوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکە)، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراوە.

مەحموود قەیتەرانی، باوکی ٥ منداڵ و خەڵکی گوندی «بەردی سپی»ی مەریوان، لە خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢١) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی براکەی لە تێکهەڵچوونێکدا لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵ، دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.