سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ڕەزا شەهلایی نیا، محەممەد فەرەجی و عەلی گەراوەند کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» بۆیان دەر چووبوو، لە زیندانە ناوەندییەکانی کرمان، سنە و قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) محەممەد فەرەجی، بەندکراوی خەڵکی گوندی «لەنجئاوا»ی مەریوان کە نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش لەسەر کێشەی دارایی خاڵۆیەکی خۆی کوشتبوو و پاش دەستبەسەرکران سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا.
هاوکات عەلی گەراوەند، بەندکراوی خەڵکی گوندی «کوڵبادام»ی کووهدەشت کە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە شەهریار دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.
بە وتەی خزمێکی، ئەم بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ جێگری سەرۆک و بەرپرسی پاراستنی زیندانی قزلحەساردا تووشی دەمەقڕە بووبوو و ئەو بەرپرسانە کاریان کردبوو بۆ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی سزاکەیدا.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) ڕەزا شەهلایی نیا، بەنکراوی خەڵکی قوروە کە نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە کرماشان دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کرمان لە سێدارە درا.
یەکێک لە خزمانی ئەم بەندکراوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە بەپێی دەنگۆکان، ئەم هاووڵاتییە ٢٧ ساڵەیە لە کاتی گوستنەوەدا بۆ شوێنی لەسێدارەدان جەڵدە لێی داوە و گیانی لە دەست داوە، بەڵام تا ساتی ئامادەکردنی هەواڵەکە ئەم بابەتە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

