سامان محەممەدیی خەیارە، بەندکراوی مەزهەبیی سزادراو بە لەسێدارەدان، بە شێوەی نهێنی و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.

میزان، هەواڵنێریی سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە مەزهەبییەدا ڕایگەیاندووە کە سامان محەممەدی بە تۆمەتی «موحارەبە» و «ئەندامبوون لە گرووپە تیرۆریست و تەکفیرییەکاندا» و «چالاکیی چەکداری» لە سنە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) سزاکەی جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بە شێوەی نهێنی و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا، هەر لەو زیندانە لە سێدارە دراوە.

سامان محەممەدیی خەیارە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوو، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار جێبەجێکردنی سزاکە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرابوو.

باوکی ئەم بەندکراوە مەزهەبییە ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٧ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ مەترسیی لەسێدارەدانی کوڕەکەیدا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕوو لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو لە کاتێکدا کە نامەی ئازادیی کوڕەکەی نووسراوە، کەچی لە دوازدەیەم ساڵی بەندکرانیدا بۆ جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

سامان محەممەدیی خەیارە هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی سنە، ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە ٤ ساڵ لە ژوورە تاکەکەسی و گشتییەکانی دستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە و بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

تەلەڤیزیۆنی ئێران دوای تێپەڕینی ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، ڤیدیۆی دانپیانانەکانی ئەو و چەند بەندکراوێکی مەزهەبیی دیکەی بڵاو کردەوە.

ئەم بەندکراوە مەزهەبییە دوای چەند ساڵێک لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە گرووپە مەزهەبییەکاندا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. هەروەها لە گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بەپێی سزانامەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی دێولان بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی سنە دادگایی کرا و دوای وەرگرتنی ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوەکە (خاوەن خوێنەکان) و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان بە دادگا، ئەو تۆمەتەی لەسەر لاچوو.

ئەم بەندکراوە مەزهەبییە پێشتر و لە ڕەزبەری ١٤٠٢یشدا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بۆ یەکەم جار بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕاگیرابوو.