سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی کامیار بەراتی و کەیوان محەممەدی کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» بۆیان دەر چووبوو، لە زیندانە ناوەندییەکانی کرماشان (دیزڵئاوا) و زەنجان جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) کامیار بەراتی، بەندکراوی خەڵکی سەرفیرووزئاوای کرماشان کە نزیکەی ٦ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) لە سێدارە درا.

هەروەها ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) کەیوان محەممەدی، بەندکراوی ٢٩ ساڵانی خەڵکی گوندی «گردەمیلانی سەروو»ی دێولان و دانیشتووی ئیسلامشەهر کە نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی زەنجان لە سێدارە درا.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خەرمانانی ئەمساڵدا (ئاگۆست و سێپتامبەری ٢٠٢٥) لانیکەم ١٩ بەندکراوی کورد بە تۆمەتەکانی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، ناوەندیی کەرەج، سنە، کرماشان و تەورێز لە سێدارە دراون.