سزای لەسێدارەدانی تالیب هیجرەتیپوور، بەندکراوی خەڵکی مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» بۆی دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا.
تالیب هیجرەتیپوور، خەڵکی گوندی «بەردەڕەشە»ی مەریوان، نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.
ئەم هاووڵاتییە لە ساڵانی ڕابردوودا دوو جاری تر بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بەڵام خەڵکی خێرخواز هەوڵیان دابوو ڕەزامەندیی خاوەن خوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکە) وەر بگرن و هەر بۆیە هەردوو جارەکە پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکەی دوا کەوتبوو. دواجار بنەماڵەی تالیب هیجرەتیپوور نەیانتوانیبوو بڕەدیەی داواکراو لە لایەن ئەو بنەماڵەیەوە کە بڕەپارەیەکی زۆر بوو دابین بکەن و هەر بۆیە ئەمڕۆ سزاکەی جێبەجێ کرا.