سزای لەسێدارەدانی عیماد مەرگان، بەندکراوی کوردی خەڵکی ئەسفەراین لە پارێزگای خوراسانی باکوور کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» ئەو سزایەی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ٢٥ ساڵەیەی خەڵکی گوندی «سست»ی ئەسفەراین نزیکەی دوو ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٢ ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە زیندانی ئەسفەراین لە سێدارە درا.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (خەرمانان / ئاگۆست و سێپتامبەری ٢٠٢٥) لانیکەم ١٩ بەندکراوی کورد بە تۆمەتەکانی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، ناوەندیی کەرەج، سنە، کرماشان و تەورێز لە سێدارە دراون.