سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان بە ناوەکانی ئەمیرڕەزا قوبادی، مەجید حاتەمی و سەجاد حاتەمی کە پێشتر بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای دزیی چەکدارییەوە ئەو سزایەیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم سێ بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر (١٥ی ئۆکتۆبەر) هەواڵنێریی میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوەی ڕاگەیاند و بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی لەسێدارەدانیان، گرتەی ڤیدیۆیی دانپیانانەکانیانی بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم بەندکراوانە بە تۆمەتی ١٩ حاڵەتی دزیکردن بە چەکەوە لە ناوچە جیاوازەکانی تاراندا، لە مانگی گوڵانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە شارەکانی شەهریار، ساوجبڵاغ و خوڕەمئاوا دۆزرانەوە و دەستبەسەر کران. سزانامەکەیان بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە ١٦ حاڵەتی موحارەبەدا» لە ڕێگای ڕاکێشانی چەکەوە لە هاووڵاتیان، «بەشداریکردن لە دزینی ماڵوموڵکی خەڵکدا بە شێوەی زنجیرەیی و چەکداری بە چەکی گەرم»، «هەڕەشەکردن لە خەڵکی ناو ماڵەکان و هەڕەشەکردن بە چەکی گەرم» و… لە لایەن داواکاری گشتییەوە دەر کرا و دواتر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چوو. ئەم بڕیارە ماوەیەک لەمەوپێش لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرابوو.