سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی بیژەن قەهاری و شەهرام چەنانی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) لە سێدارە دراون.

شەهرام چەنانی، خەڵکی گوندی «گەڵاڵی»ی کرماشان، نزیکەی ٦ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.

هەروەها بیژەن قەهاری، خەڵکی گوندی «کەمەرزەرد»ی شاباد، نزیکەی ٨ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.

دەوترێت هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوەدا چەند بەندکراوێکی دیکەیش لە سێدارە دراون کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەیان بەردەست نەکەوتووە.