سزای لەسێدارەدانی عەلی ساعیدپەنا، بەندکراوی کوردی خەڵکی ئەسفەراین لە پارێزگای خوراسانی باکوور کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» ئەو سزایەی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) دوای ٢٠ مانگ بەندکران لە زیندانی ئەسفەراین لە سێدارە دراوە.

عەلی ساعیدپەنا، ٢١ ساڵان و خەڵکی گوندی «کەلاتەی ئاقازادە»ی ئەسفەراین، ڕۆژی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٢١ی مارسی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئامۆزایەکی خۆی دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.

 لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ئەمە دووەم حاڵەتی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کوردە لە زیندانی ئەسفەرایندا، پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤دا (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بەندکراوێکی تر بە ناوی عیماد مەرگان بە هەمان تۆمەت لە زیندانی ئەو شارەدا لە سێدارە درابوو.