سێ بەندکراوی پیاو بە ناوەکانی مێهرداد تاب، سەلیم سادقی و شێرزاد (پاشناوەکەی نەزانراوە)، لەگەڵ بەندکراوێکی ژندا کە تا ئێستە ناسنامەکەی نادیارە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ئیلام کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوانە کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەر چووە، ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.
بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە ئەگەر نەتوانن ڕەزامەندیی خاوەن خوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکان) وەربگرن، بەرەبەیانی سبەینێ لە سێدارە دەدرێن.