سزای لەسێدارەدانی شەمسەدین (شەهاب) عەباسیی کای، بەندکراوی خەڵکی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە بۆی دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٦ی گەڵاڕێزان (٧ی نۆڤامبەر) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراوە.

شەمسەدین (شەهاب) عەباسیی کای، ٥١ ساڵان و خەڵکی گوندی «کای»ی ورمێ، پاییزی ١٤٠٢ (٢٠٢٣) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو.