سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی ڕەزا مەولایی، محەممەدڕەزا بەدەوی و مەهدی جەعفەرزادە کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادەی هۆشبەر»ـەکانەوە ئەو سزایەیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی شەممە ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەڵاڕێزان (٩ی نۆڤامبەر) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراون.
ڕەزا مەولایی، ٤٨ ساڵان و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «قوڵنجی» و مەهدی جەعفەرزادە، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ورمێ، ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادەی هۆشبەر»ـەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.
هەروەها محەممەدڕەزا بەدەوی، ٤٧ ساڵان، باوکی ٤ منداڵ و خەڵکی گوندی «کەوسی»ی ورمێ، نزیکەی ٦ ساڵ لەمەوپێش هەر بە هەمان ئەو تۆمەتە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو.