سزای لەسێدارەدانی زابتەدین (عادڵ) جەنگجوو، بەندکراوی خەڵکی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە بۆی دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٣ی گەڵاڕێزان (١٤ی نۆڤامبەر) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە دراوە.

زابتەدین (عادڵ) جەنگجوو، خەڵکی گوندی «ئەسپێ دەڕە»ی سەڵماس و دانیشتووی ورمێ، چەند ساڵێک لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو.