سزای لەسێدارەدانی سدیقە قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی خۆی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» بۆی دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٢ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هەر لەو زیندانە لە سێدارە درا.

ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا وتوویەتی: «ساڵی ١٤٠٢ (٢٠٢٣) کچێکی منداڵی ٤ ساڵانی خەڵکی ورمێ بە دەستی باوەژنی کوژرا و بابەتەکە بووە هۆی برینداربوونی هەستی گشتیی خەڵک. بەپێی یاسا دۆسیەکە کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و دوای دەرکردنی سزانامە لە دادسەرادا، بڕیاری یەکەم لە دادگای کەیفەریی یەکدا دەر کرا و لە لایەن دیوانی باڵاوە پەسەند کرا».

سدیقە قوربانی، ٢٩ ساڵان و خەڵکی ناوچەی «قەتوور»ی خۆی و دانیشتووی گوندی «گۆگتەپە»ی ورمێ، لە بەفرانباری ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «کوشتن»ی ئاوا قارەمانی، منداڵی هاوسەرەکەی، دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.