سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان بە ناوەکانی عەلی ئەیتیوەندی و کەیۆمەرس بەهرامی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادەی هۆشبەر»ـەکانەوە ئەو سزایەیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە شەوی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا لە زیندانی ناوەندیی کەرەج لە سێدارە دراون.
کەیۆمەرس بەهرامی و عەلی ئەیتیوەندی، خەڵکی گوندی «سورخەمێهر»ی کووهدەشت و دانیشتووی کەرەج، بە ڕیز نزیکەی ٤ ساڵ و ساڵ و نیوێک لەمەوپێش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادەی هۆشبەر»ـەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.