بنەماڵەی عەقیل کشاوەرز، خوێندکاری سزادراو بە لەسێدارەدان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ دوادیداریان لەگەڵ کردووە و ئەم بەندکراوە ئێستە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم خوێندکارە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٧ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و ڕۆژی پێنجشەممە بنەماڵەکەی کە دانیشتووی ئێسفەهانن بە مەبەستی ئەنجامدانی دوادیدار بانگهێشتی زیندان کران. بنەماڵەی کشاوەرز دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ خۆیان گەیاندە بەردەم زیندانەکە، بەڵام پێیان وتن کوڕەکەیان براوە بۆ تاران».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەو بنەماڵەیە دوجار توانییان نیوەڕۆی هەینی ٢٨ی سەرماوەز (١٩ی دیسامبەر) لەگەڵ کوڕەکەیاندا دیدارێک بکەن، لەم دیدارەدا کە ڕووبەڕوو و حوزووری بووە، دایکی بە هۆی زەختی دەروونییەوە لەسەر خۆ چووە.

سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «بەرپرسانی زیندان قسەی ناکۆک و دژبەیەکیان کردووە و وتوویانە عەقیل گوازراوەتەوە بۆ تاران، بەڵام بەپێی ڕەوتی هەمیشەیی و ڕابردووی ئەم جۆرە حاڵەتانە، ئەم بەندکراوە ئێستە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادایە و ڕەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لە سێدارە بدرێت».

عەقیل کشاوەرز، ٢٧ ساڵان، خوێندکاری بەشی بیناسازیی زانکۆی شاهڕوود و خەڵکی ئێسفەهان، جۆزەردانی ئەمساڵ (ژوەنی ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ شەڕی ئێران و ئیسراییل و لە کاتی سەفەرێکدا بۆ ورمێ، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

دوێنێ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی: «عەقیل دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی زۆرەملێ لەسەر «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» خرایە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە و دواتر ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا. ئەم بەندکراوە لە کاتی بۆردومانکردنی زیندانی ئێڤیندا لە لایەن ئیسراییلەوە لەو زیندانەدا بووە و پاش ئەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی تر کراوە. دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیش گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و لە کۆتایی هاویندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەجاد دووستی، بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کردبوو: «خۆی و بنەماڵەکەیشی بە هۆی هەڕەشەی لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئامادە نەبوون هیچ هەواڵێک سەبارەت بە دۆسیەکەی بڵاو بکەنەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زیندان پێیان ڕاگەیاندووە کە بڕیارەکەی دادگای یەکەم لە دادگای تایبەت بە تاوانی سیخوڕیدا وەک خۆی پەسەند کراوە».