بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢ی مەیی ٢٠٢٦) ناسر بەکرزادە، هاووڵاتیی کوردی سوننە، هەروەها یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورکی یارسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکانیان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە لە لایەن ڕاگەیاندنەکانی حکومەتەوە، بنەماڵەکانیان سەردانی زیندانی ناوەندیی ورمێیان کردووە، بەڵام تا ئێستە بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکان بکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٥ (٣٠ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) بە شێوەی لەناکاو لە بەندی گشتیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی ناوەندێکی ئەمنیی ئەم شارە کران و خرانە بەر گوشارەوە تاکوو دانپیانانی ڤیدیۆییان لێ وەربگرن. پاشان بە کەلەبچە و پێبەندەوە گەڕێنرانەوە بۆ بەشی قەرەنتینەی هەمان زیندان.

پاش گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی، هێزەکانی گاردی زیندان لە ژووری پاسەوانیی بەندە جیاوازەکاندا جێگیر کران و لە دوانیوەڕۆی هەینییەوە تا ئێستە پێوەندیی تەلەفۆنیی بەندی زیندانیانی سیاسی داخراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٢ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢ی مەیی ٢٠٢٦) ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی فەرمانگەی داد، ئیدارەی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.

لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بوو کە دۆسیەی یەعقووب کەریمپوور تا کاتی گواستنەوەیشی بۆ ژووری تاکەکەسی هێشتا لقی لێکۆڵینەوەی لە دیوانی باڵای ئێراندا بۆ دیاری نەکرابوو و بنەماڵە و پارێزەرەکەیشی لە پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگای یەکەم ئاگادار نەکرابوونەوە.

هەروەها بەپێی فایلێکی دەنگیی ناسر بەکرزادە کە لە لای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە، دیوانی باڵای ئێران دوو جار بڕیارەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێی هەڵوەشاندبووەوە. لە بەشێکی بڕیارەکەی دیوانی باڵادا ئاوا نووسراوە: «داوای تێهەڵچوونەوەی ناسر بەکرزادە بۆ دادنامەکەی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ سەبارەت بە سزادانی بە لەسێدارەدان بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض بە هۆی هاوکاریکردن هەواڵگری یان سیخوڕیکردنەوە لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیدا، بابەتی مادەی ٦ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هەوڵە دوژمنکارانەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە ئاشتی و ئاسایش» داوایەکی دروست و ڕەوایە».

لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە کە «تۆمەتبار لە سەرەتای کردنەوەی دۆسیەکەوە ڕایگەیاندووە کە لە کاتی پێوەندیکردنی ئەو کەسەدا کە وەکوو فەرمانبەری مووساد باسی دەکرێت، ئامادە نەبووە هیچ جۆرە زانیارییەکی لەسەر ناوەندە سەربازییەکان پێ بدات و هەر لە سەرەتایشەوە لە ڕێگای ژمارە تەلەفۆنەکانی ١١٣ یا ١١٠ی پۆلیسەوە بەرپرسانی پێوەندیداری لە بابەتەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەوان پشتگوێیان خستووە. هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە دوای ئەوەی زانیویەتی کەسە بیانییەکە داوای هەندێ زانیاریی تایبەتی لێ دەکات کە لە دەرەوەی بابەتی گەشتیارییەوە بووە، کۆتایی بە پێوەندییەکەی نێوانیان هێناوە. ئەم خاڵانە لە ڕاپۆرتەکەی لایەنی لێکۆڵەری یاساییشدا تۆمار کراوە».

دیوانی باڵای ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە کە «لە هەمان سەرەتاوە تا ئامادەکردنی کۆتاڕاپۆرتی سەرچاوەی ڕاپۆرتدەر، بە شێوەیەکی دڵنیاکەرەوە نەوتراوە کە کەسە بیانییەکە سەر بە ڕژێمی زایۆنی بووە و تەنها لە دەستەواژەی وەک «وا دیارە» کەڵک وەرگیراوە. ئەمەیش ڕاستبوونی پێوەندیی نێوان داواکار [مەبەست ناسر بەکرزادەیە] و ڕژێمی زایۆنی ڕووبەڕووی گومانی جیدی دەکاتەوە. هەروەها ئەو بابەت و وێنانەی کە تۆمەتبار بۆ کەسە بیانییەکەی ناردووە، بە شێوەیەکی ڕوون، بەڵگەمەند و بەهێز ناچێتە ناو نموونەکانی مادەی ٦ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هەوڵە دوژمنکارانەکانی ڕژێمی زایۆنییەوە و هەر بۆیە ناتوانین بە پشتبەستن بەو شتانە سزای ئەو مادەیە بەسەر تۆمەتباردا جێبەجێ بکەین. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، دیوانی باڵای ئێران هەڵسوکەوتی تۆمەتبار وەک بابەتی مادەی ٥٠٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە قەڵەم دەدات و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیش کە کردارەکانی لایەنی چەکداریی نەبووە، بە بابەتی تۆمەتی موحارەبەی نازانێت».

سەرچاوەکەی دیوانی باڵا لە درێژەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانە، داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ناسر بەکرزادەی قبووڵ کردبوو و بڕیارەکەی دادگای یەکەمی هەڵوەشاندبووەوە، هەروەها بە پشتبەستن بە خاڵی چوارەمی مادەی ٤٦٩ی یاسایی شێوازی دادگاییکردنی کەیفەری، دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ناردبووە بەردەم لقی هاوتەریبی دادگای یەکەم.

یەعقووب کەریمپووریش لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە دووتوێی نامەیەکدا کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، کۆمەڵێک وردەکاریی دڵتەزێنی لە ڕەوتی دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوە و دادگاییکردنی خۆی گێڕایەوە. بەپێی ناوەرۆکی نامەکە، یەعقووب بۆ ماوەی نزیک بە دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ سەبارەت بە «هاوکاریکردن لەگەڵ دەستوپێوەندەکانی مووساددا و گواستنەوەی زانیاری» ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درابوو. دوای ئەو قۆناغە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و تا کاتی هەناردنی دۆسیەکەی بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

دانیشتنی دادگاییکردنی لە کۆتایی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو. تەنانەت لەو دادگایەیشدا مۆڵەتی بەرگریکردنی کاریگەری پێ نەدرا و لە دانیشتنێکی کورتی ١٥ خولەکیدا لە لایەن دادوەر «سەجاد دووستی»یەوە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنرا.

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە تورکە یارسانە، زۆربەی ئەو وتانەی لێی وەرگیرابوون و لە دۆسیەکەدا وەکوو بەڵگە بۆ سەلماندنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن» و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان پشتیان پێ بەستراوە، لەژێر ئەشکەنجەدا و بە زۆر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە داڕێژرابوون. هاوکات جەختی کردبووەوە کە لە هیچ شوێنێکدا هیچ بەرپرسایەتییەکی نەبووە و هاتوچۆی ناوەندە دەوڵەتی، سەربازی یان ئیدارییەکانی نەکردووە و لە ڕاستیدا قەت دەستی بە هیچ جۆرە زانیارییەکی ئاسایی، نهێنی یان پارێزراو نەگەیشتووە، هەر بۆیە گواستنەوەی هەرجۆرە زانیارییەکی بۆ شوێنێک یان کەسێک بە توندی ڕەت کردبووەوە.