مێحراب عەبدوڵڵازادە، زیندانیی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا. دامودەزگا ئەمنییەکان تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «مێحراب عەبدوڵڵازادە کە ڕۆژی سێشەممە ٨ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢٨ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) دوای دەمەقاڵەیەک لەگەڵ فەرمانبەرێکی هۆڵی دیدارەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بەبێ ئاگاداریی بنەماڵە و پارێزەرەکانی هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دراوە».
سەرچاوەکە سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی سزاکە زیادی کرد: «سەرباری ڕاگەیاندنی میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی گوڵاندا (٣ی مەی)، بەڵام نیشانەکان وای دەر دەخەن کە بە ئەگەری زۆر ڕۆژێک پێشتر و هاوکات لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکەدا بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور لە سێدارە دراوە و بە ڕاسپاردەی دامودەزگا ئەمنییەکان وا ڕاگەیەنراوە کە سزاکەی ئەمڕۆ جێبەجێ کراوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مێحراب عەبدوڵڵازادە کە لە چەند ڕۆژ پێشترەوە لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو، سەرلەنوێ لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە خراوەتەوە بەر لێپرسینەوە و داوای لێ کرابوو پەشیمانی دەر ببڕێت، بەڵام داواکارییەکەی قبووڵ نەکردبوو و جەختی لەسەر بێتاوانبوونی خۆی کردبووەوە.
مێحراب عەبدوڵڵازاده، لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦ (١٥ی مارسی ١٩٩٨) لە ورمێ، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە شوێنی کارەکەی لە ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە.
بە گوێرەی فایلێکی دەنگیی ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە لای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە، بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. مێحراب سەرەتا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی کچە خۆشەویستەکەی دەستبەسەر دەکەن و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی دایکی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیشی دەکەن، بە ناچار داواکاریی لێپرسەوەکان قبووڵ دەکات و دەڵێت چەند مستێکم لە بەسیجییەک داوە.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو کە لە لای هێزە ئەمنییەکانە و دیمەنی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزەکانی بەسیجی تێدایە، مێحراب عەبدوڵڵازادە لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەبووە و خۆیشی بەردەوام لە هەموو لێپرسینەوەکان و هەروەها لە دانیشتنەکانی دادگایشدا هەرهەموو تۆمەتەکانی بە درۆ خستووەتەوە و تەنانەت داوای کردبوو لەڕێی مۆبایلەکەیەوە لۆکەیشنەکەی لەو ڕۆژەدا بدۆزنەوە تاکوو دەر بکەوێت لە شوێنی ڕووداوی کوشتنەکەدا نەبووە. بنەماڵەکەیشی بە درێژایی ٣٨ ڕۆژی سەرەتای دەستبەسەربوونی، نەیانتوانیبوو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی وەربگرن و لەو ماوەیەدا مێحراب لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کرابوو.
دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، دۆسیەکە ڕادەستی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کرا و دوای دەرکردنی سزانامە لە لایەن داواکاری گشتییەوە، نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەو دادگایە پاش بەڕێوەچوونی سێ دانیشتن، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند و ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە زینداندا بە شێوەی فەرمی بڕیارەکەی دادگای پێی ڕاگەیەنرا
دوای تانەدانی پارێزەران لە بڕیارەکە، دۆسیەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرا. ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) دادوەری بەشی جێبەجێکردنی سزاکان هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە، داوای لەم زیندانییە سیاسییە کردبوو واژۆ لەسەر داواکاریی لێخۆشبوون بکات.
دوای پەسەندکردنی سزاکە لە دیوانی باڵای ئێراندا، سیداد شێرزاد، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو)، نووسیبووی: «داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە کە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دیسامبەری ٢٠٢٥) پێشکەش و تۆمار کرا، ڕۆژی ٧ی ڕێبەندان (٢٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە و سەرەڕای تۆمارکردنەوەی داواکارییەکی نوێ لە ٢٨ی ڕێبەنداندا (١٧ی فێڤرییەی ٢٠٢٦)، لقی ٣٩ ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەقی تێبینییەکەی مادەی ٤٧٨ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری جەختی کردووەتەوە کە لەگەڵ پێشکەشکردنی داوای دادگاییکردنەوەدا دەبێ دەسبەجێ بڕیارێک بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە دەر بکرێت و هیچ جێگایەکی بۆ لێکدانەوە و ئەنجامگیریی دیکە نەهێشتووەتەوە».
بە وتەی ئەم پارێزەرە یاساییە، مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکەی ژن، ژیان، ئازادییە لە ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢)دا و بە تۆمەتی «افساد فیالارض» لە ڕێگای کوشتنی بەسیجییەکەوە بە ناوی عەباس فاتیمییە لە شاری ورمێدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆسیەکە چەندەها کێشە و ناتەواویی هەیە، هەم لە ڕووی فۆرم و شێوازەوە و هەم لە ڕووی ناوەرۆک و جەوهەرەوە. بە وتەی سیداد شێرزاد، هیچکات لە دادگایەکی خاوەن ئەهلییەتدا لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتی کوشتن و داواکاریی خاوەنخوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکە) نەکرا و مێحراب نەک بە تۆمەتی کوشتن بەڵکوو بە تۆمەتی «افساد فیالارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. سەرباری ئەوەی چەندین جار تێبینیی نەبوونی ئەهلییەتیان خستبووە بەردەست، بەڵام دۆسیەکە ڕادەستی دادگای تاوانی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵان نەکرابوو.
ئەم پارێزەرە یاساییە هەروەها ئاماژەی بە هەندێ خاڵی وەکوو ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەت بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، ئەسپەردەکردنی تەرمی کوژراوەکە بەبێ پشکنین و وەرگرتنی بۆچوونی پزیشکیی داد، نەبوونی هەرچەشنە دانپیانانێکی متمانەپێکراو لە بەردەم دادوەردا و ئاماژەنەکردنی ڕوون و ئاشکرا بە ناوی پارێزوانەکەی لە لێدوانی فەرماندە و هاوکارانی کوژراوەکە و شایەتحاڵە مەیدانییەکاندا کردووە و ئەم خاڵانەی وەکوو بەشێک لە کەموکورتییە جیدییەکانی دۆسیە حەوت بەرگییەکەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە قەڵەم داوە.