محەممەدتەقی شاوەیسی، بەندکراوی کوردی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) لە سێدارە درا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گوڵانی ١٤٠٥ (٦ی مەیی ٢٠٢٦) سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کراوە.
محەممەدتەقی شاوەیسی، باوکی ٤ منداڵ و خەڵکی گوندی «گەزنە»ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی هاووڵاتییەک لە تێکهەڵچوونێکی کۆمەڵایەتیدا دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.