ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور، دوو زیندانیی سیاسیی کورد کە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان لە زیندانی نەغەدە لە سێدارە دران.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢١ی مەیی ٢٠٢٦) ئەم دوو زیندانییە سیاسییە بە شێوەی نهێنی لە زیندانی نەغەدە لە سێدارە دراون. ئەم بەندکراوانە لە مافی دوادیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون و تا ئەم ساتە تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

هاوبەندییەکی پێشووی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور لەگەڵ مێرمنداڵێکدا بە ناوی خدر محەممەدپوور لە هاوینی ١٤٠٣دا (٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ. ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ سەبارەت بە «پلاندانان بۆ کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە پیرانشار» خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە».

بە وتەی سەرچاوەکە، ئەم سێ بەندکراوە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرانەوە بۆ زیندانی نەغەدە و دوای چەندین مانگ مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراو و لە کاتێکدا لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کرابوون، لە سەرماوەزی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سامی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا دادگایی کران. دواجار ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا و خدر محەممەدپووریش سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانی بۆ دەر چوو.