ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا، هاووڵاتیانی کوردی خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦)، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران. هاوکات زیندانییەکی سیاسیی دیکەیش بە ناوی ئارمان مەعریفەتی کە لە تۆمەتبارانی هەمان دۆسیەیە، لە بەردەم مەترسیی خێرای لەسێدارەداندایە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (١ی ژوەنی ٢٠٢٦) ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا کە تەنها دوو مانگ دوای دەستبەسەربوون لە پرۆسەیەکی بەپەلە، ناڕوون و نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیداری بنەماڵە و بە نهێنی، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراون.

ئاژانسی هەواڵنێریی «میزان» کە سەر بە دەزگای دادی ئێرانە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە سیاسییەدا ڕایگەیاندووە کە هەردووکیان بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە چالاکیی کرداریدا دژ بە ئاسایشی وڵات و بۆ ڕژێمی زایۆنی و دەوڵەتی دژبەری ئامریکا و گرووپە دژبەرەکان و کەسانی سەر بەوان کە بووە هۆی ترساندن و تۆقاندن و نائەمنکردنی کۆمەڵگە و هەروەها چوونەناو شوێنە مەزهەبی و پیرۆزەکان بە مەبەستی شێواندن و ئاگرتێبەردانی موڵکی دەوڵەتی و تایبەتی، لەوانە مزگەوت و حەوزەی عیلمییە، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئارمان مەعریفەتی کە تۆمەتبارێکی دیکەی هەمان دۆسیەیە، ڕایگەیاندبوو کە ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباردا لە شاری تاران دەستبەسەر کراون. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هاووڵاتیانە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج گوزرابوونەوە و ئارمان مەعریفەتییش ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کرابوو. ئەم سێ بەندکراوە لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا (مارسی ٢٠٢٦) بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆیان لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا و بڕیارەکە بە شێوەیەکی خێرا و بەپەلە لە دیوانی باڵای ئێران پەسەند کرا.

هەروەها ئارمان مەعریفەتی لە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا (٢٨ی مەیی ٢٠٢٦) بە بیانووی گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج لە زیندان تارانی گەورە (فەشافوویە) براوەتە دەرەوە و لەو کاتەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی بەردەست نەکەوتووە. ئەمەیش وای کردووە نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی خێرا و بەپەلەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پەرە بسێنێت.