لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی فەرهەنگ شێخە، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و مورتەزا سادقزادە، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» و «مادەی هۆشبەر» بۆیان دەر چووبوو، لە زیندانەکانی سنە و دامغان جێبەجێ کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەربەیانی ڕۆژی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١ی ژوەنی ٢٠٢٦) مورتەزا سادقزادە، هاووڵاتیی ٢٨ ساڵانی خەڵکی سەقز کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەر»ـەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی دامغان لە سێدارە دراوە.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ٤ی جۆزەردانیش (٢٥ی مەی) فەرهەنگ شێخە، هاووڵاتیی ٥٥ ساڵانی خەڵکی سنە، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا لە سێدارە دراوە. ئەم هاووڵاتییە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.