سزای لەسێدارەدانی عەباس زارعی، بەندکراوی خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٩ی ژوەنی ٢٠٢٦) ئەم بەندکراوە لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) لە سێدارە دراوە.
عەباس زارعی، ٤٠ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «سەرین»ی ناوچەی فیرووزئابادی شاری کرماشان، دوای ئەوەی ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) کەسێکی کوشتبوو بە نهێنی دەژیا، بەڵام دواجار ساڵی ١٤٠٣ (٢٠٢٤) دەستبەسەر کرا. ئەم بەندکراوە لە پرۆسەی دادگاییکردندا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.