سزای لەسێدارەدانی عەلیڕەزا مەلەکی‌نیا، بەندکراوی خەڵکی سونقوڕی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) ئەم بەندکراوە لەگەڵ چەند بەندکراوێکی دیکە لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان لە سێدارە دراوە. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی بەندکراوەکانی تر بەردەست نەکەوتووە.

عەلیڕەزا مەلەکی‌نیا، هاووڵاتیی ٢٩ ساڵانی خەڵکی گوندی «باولە»ی سونقوڕ، چەند ساڵێک لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە شاری هەمەدان دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دادگای تاوان (کەیفەری)ی یەکی ئەو شارەوە سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چوو.