مەحیەدین عەبدوڵڵاهی و حسەین پاڵانیی جاف، دوو بەندکراوی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاوی کرماشان کە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٨) بە هۆی تێکهەڵچوونێکی چەکدارییەوە لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گرووپێکی سەر بە داعش لە شاخی بەمۆی شاری سەلاسی باوەجانی دەستبەسەر کرابوون، بە شێوەی نهێنی لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) لە سێدارە دران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم دوو بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٤ی جولایی ٢٠٢٦) بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئەوەی مافی دوادیداری بنەماڵەیان پێ بدرێت، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان لە سێدارە دراون.

هەواڵنێریی میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ (١٤ی جولای) هەواڵی لەسێدارەدانەکەی بڵاو کردووەتەوە و وتوویەتی تۆمەتی ئەم دوو بەندکراوە «ڕاپەڕینی چەکداری دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران» بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٣ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بەندی ئەمنیی زیندانی ناوەندیی کرماشان ڕایگەیاندبوو کە ئەم دوو بەندکراوە لەو بەندەدان و مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

مەحیەدین عەبدوڵڵاهی و حسەین پاڵانیی جاف، خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاوی کرماشان، ڕێبەندانی ١٣٩٦ (ژانڤییەی ٢٠١٨) لە پێوەندی لەگەڵ تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا کە لە نێوان گرووپێک کە دەوترا سەر بە داعشن و هێزەکانی قەرارگای نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسداراندا لە چیای بەمۆی شاری سەلاسی باوەجانی ڕووی دا، دەستبەسەر کران.

لەم تێکهەڵچوونەدا، ١٦ کەس دەستبەسەر کران و سێ ئەندامی سوپای پاسدارانیش کوژران. ئەو کەسانە پاش دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە تاران کران و چەندین مانگ بەبێ مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە خرانە بەر ئەشکەنجەوە. لانیکەم ١١ کەسیان لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی وەک «موحارەبە لە ڕێگای بەغی و ڕاپەڕینی چەکدارییەوە» و «ڕاگرتنی چەکوچۆڵ» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چوو.

ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٥) هەواڵنێریی میزانی سەر بە دەزگای دادوەری هەواڵی لەسێدارەدانی ٩ کەسیانی بڵاو کردەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ناسنامە و شوێنی لەسێدارەدانیان نەکرد.