سزای لەسێدارەدانی سەلمان کاکەخانی، بەندکراوی خەڵکی سەقز کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە ئەو سزایەی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٣ی جولایی ٢٠٢٦) ئەم بەندکراوە بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی تەورێز کراوە و بەرەبەیانی ٢٣ی پووشپەڕ (١٤ی جولای) هەر لەو زیندانە لە سێدارە دراوە.

سەلمان کاکەخانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قەپڵانتوو»ی سەقز، چەند ساڵ لەمەوپێش لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو.

لە کۆتایی گوڵانی ١٤٠٢ (ئاپریلی ٢٠٢٣) و لە کاتێکدا کە خۆی لە زیندان بوو، هاوسەر و منداڵەکەی بە ناوەکانی هاجەر پەناهی و هێرۆ کاکەخانی لە ڕووداوێکی کارەبادا کە بە هۆی ئامێری کارواشی ماڵییەوە ڕووی دابوو، گیانیان لە دەست دا.