کاوە ڕفووشە، بەندکراوی خەڵکی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە لە بەندێکی گشتیی زیندانی ناوەندیی سنەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژ (١٨ی ئاگۆست) هەر لەو زیندانە لە سێدارە دراوە.

شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی کە دەیانویست ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە وەربگرن و سزاکە هەڵبوەشێتەوە، بە دروشمی «نا بۆ سێدارە» لە بەردەم زیندانەکەدا گرد بوونەوە.

کاوە ڕفووشە، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی سنە، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵدا لە شاری سنە هاووڵاتییەکی دیکەی کوشت و پاشان خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد. دواتر لە لایەن دادگای تاوان (کەیفەری)ی یەکی سنەوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چوو.