دوو بەندکراوی خەڵکی ئەیوان بە ناوەکانی دونیا موحەممەدی و خوداداد موحەممەدی کە پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام لە سێدارە دران.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرابوون و بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆست) هەر لەو زیندانە لە سێدارە دراون.

خوداداد موحەممەدی، باوکی ٥ منداڵ و مامۆستای خانەنشین، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی زاواکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگای تاوان (کەیفەری)یەوە سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.

هەروەها دونیا موحەممەدی، ٢٠ ساڵان و خەڵکی ئەیوان، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگای تاوان (کەیفەری)یەوە سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.