سەعید نەجەفی و حەمید نەجەفی، دوو برای خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان کە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای دزیکردن بە چەکەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هەر لەو زیندانە لە سێدارە دران.

سەعید و حەمید نەجەفی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای دزیکردن بە چەکەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو. برایەکی دیکەیشیان بە ناوی یوونس نەجەفی لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێڤرییەی ٢٠٢٤) لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکاندا لە شەهریاری تاران کوژرابوو.